وەڵامی تەلەفۆنەكەی دایەوەو گوتی"ئەوە لە پرسەیەكم دوای فاتیحەیەك دەگەمە ئەوێ، زۆرم پێناچی تەنیا نیو سەعات"، تەلەفۆنی لە بن گوێی بوو و قسەی لەگەڵ یەكێك دەكرد، ئۆتۆمبێلەكەی لەبەردەم تۆمارگاكەی راگرت و بەدەم قسەكردن بە تەلەفۆن، لە ئۆتۆمبێلەكەی هاتەخوار. لەكاتی خۆیدا گەیشت.
ئەو هونەرمەندێكی میللییە، بەڵام كلیپی مۆدێرنیشی هەن . نوری گەرمیانی، هەولێری گۆرانیبێژێكە چەندان ساڵە جەماوەریبوونی خۆی پاراستووە.
هەڤپەیڤین: حوسێن هیممەتی
رووداو : بەرهەمی نوێت چییە و خەریكی چیت؟
نوری گەرمیانی: هیچ بەرهەمێكی وام لەبەردەست نییە، بەڵام من هەموو ساڵێك بەرهەمی خۆم هەبووە، من لەساڵی 1989وە تائێستا هەموو ساڵێك بەرهەمێكم هەبووە، جگە لەو ئاهەنگانەی كردوومن و كراونەتە سیدی و بڵاوبوونەتەوە. دوا بەرهەمم دیدارێك بوو لەگەڵ كاك كەریم خەمزەیی كە لە تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستان بڵاوبووەوە، ئەو بەرهەمە وەكو دیدارێك وایە كە نزیكەی سەعاتێكە و ئێستا لە بازاڕ بڵاوبووەتەوە.
رووداو: كلیپێكت لە ئوسترالیا ئەنجامدا، چۆن بەرهەمهێنراو ناوی چی بوو؟
گەرمیانی: ئەو كلیپە بەناوی (باڵات جوانە و ناوقەد باریك) لە ئوسترالیا كردمان، هۆنراوەكەی هی خۆم بوو، ئاوازەكەی هی لوقمان پەرێشان بوو، لەوێ وێنەمان گرت و كاك شەماڵ ئەحمەد كاری وێنەگری بۆ كرد، دەرهێنان و سیناریۆكەشی خۆم دامنابوو.
رووداو: چ كۆمپانیایەك ئەو كارەی بۆ كردی؟
گەرمیانی: من لەسەر بانگهێشتی برادەرانی كۆمەڵەی كوردی یەكگرتوو لە سیدنی چوومە ئوسترالیا، ئەو كۆمەڵەیەش لە كوردانی ئەوێ پێكهاتووە بە پارتی و یەكێتی، كوردانی ئێران و توركیاشەوە. من گرێبەستێكم لەگەڵ ئەوان هەبوو لەسەر بڕە پارەیەك، كە ئەو كلیپەشم بۆ بەرهەمبێنن.
رووداو: فەرەیدون هەولێری كە یەكێكە لە شەیدایانی دەنگی تۆ، هیچ رۆڵێكی لە رێكخستنی ئەو كلیپەدا هەبوو؟
گەرمیانی: نەخێر هیچ رۆڵێكی نەبووە بەئیشكردن، بەڵام لەوێبوو، بەخۆی و خێزانییەوە بەشداری لە ئاهەنگەكەدا كرد، باوكیشی لەوێبوو. بەڵام لە كلیپی ئەوجارەدا گوتی حەز دەكەم خۆشم ئیشت لەگەڵ بكەم، گوتم زۆر ئاساییە و هەركەسێك بیەوێ یارمەتی من بدات لە خزمەتیدام.
رووداو: ئەو كچەی لە كلیپەكەتدا بەشدارە كوردە؟
گەرمیانی: نەخێر، باوكی لوبنانییە و دایكیشی هیندییە.
رووداو: چۆن ئەو كچەت دەستكەوت؟
گەرمیانی: زۆرجار برادەر هەبووە تەماشای كلیپەكەی كردووە دەڵێ ئافرەتی دیكەی جوانترت لەگەڵ بوو بۆ ئەوانت دانەدەنا، ئەو ئافرەتەی من دامناوە كە دەورەكە دەبینێ لەگەڵ من، گۆرانییەكە دەڵێ باڵات جوانەو ناو قەد باریك، زولفت رەشە وەك شەو تاریك، یەعنی ئەوە تەواوە، كچەكەش باڵای جوانەو ناو قەد باریكە و زولفیشی رەشە، ئەوەش دەلالەت لە شتەكەی دەكا. راستە ئافرەتی دیكەم لەگەڵ بوو، بەڵام دەوری دیكەیان بینیوە، تۆ ناتوانی ئافرەتێكی پرچ زەرد دابنێی، بەڵام ئەوە لەگەڵ گۆرانییەكە دەهاتەوە.
رووداو: پێشوازی رەوندی كوردی بۆ تۆ لە سیدنی لە چ ئاستێكدا بوو؟
گەرمیانی: بەراستی زۆر رێزیان لێگرتم، كە برادەران منیان بینی گەشانەوەو، خەڵكێكی زۆریش ئامادەی ئاهەنگەكە بوون، ناتوانم بڵێم چەند كەسبوون، خەڵكم دەدیت دەهات جێی نەبوو لەو هۆڵە گەورەیە دابنیشێت، یەك لەوانە كە بەوەفد هاتبوو كاك حەمید دلێری هەولێرێ بوو كە بە زۆر جێگەیان بۆ كردەوە. هەندێ خێزانی عەرەب و مەسیحی هاتبوون، بەڵام بەزۆری كورد بوون، تەنانەت باڵیۆزی عێراق و نوێنەری حكومەتی هەرێمیش هاتبوون. خەڵكەكە زۆر رازیبوو و پێیانخۆش بوو، دەیانگوت چەند ساڵە لێرەین شتی وامان نەكردبوو، هونەرمەندی دیكەیان بردبوو، بەڵام لێی ناڕازی بوون.
رووداو: یەكەمجارە وا دوور دەڕۆی؟
گەرمیانی: من سەفەری دیكەم كردووە، لەگەڵ كاك عارەب ساڵی 2000 دەعوەت كراین لەسووریاو لوبنان بۆ فیستیڤاڵی گۆرانی. بەڵام جاری یەكەمبوو بچمە ئوسترالیا، لە ئێرانیش سێ چوار جار بەرەسمی دەعوەت بوومە و چوومە.
رووداو: ناچییە ئەمریكا و كەنەدا؟
گەرمیانی: نزیكەی سێ رۆژ لەمەوپێش برادەرانی ماڵی كورد لە كەنەدا پەیوەندیان پێوەكردم و گوتیان حەزدەكەین بێیت و دەمانەوێ لە دوو شار ئاهەنگ ساز بكەین، داوای منیان كردووە، ئێستا لەسەر گرێبەستەكە ماوەتەوە كە چۆن بچم و چۆن دەبێ . ئەگەر ئەوشتانەی من داوای دەكەم جێبەجێی بكەن من لە خزمەتیاندا دەبم.
رووداو: هیچ شتێكت بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ئامادەكردووە؟
گەرمیانی: نەخێر، هیچ شتێكم نییە، من هەموو لایەنەكان بەیەك چاو تەماشا دەكەم، ئەگەر لایەنێكیش داوام لێبكات بۆی ناكەم، لەبەر ئەوەی ئەگەر بۆ ئەوم كرد لەوانەیە لایەنێكی دیكە لێم عادز بێت.
رووداو : وەرزش دەكەی؟
گەرمیانی: من تەنیا حەزم لەئەسپ سوارییە